ناسنامەی کورد لە خزمەت ئاییندا

ئیززەت سلو
دەوڵەت نەتەوەی ئێران لە سەردەمی ڕەزاشای پەهلەوی و لە سەر خوێندنەوەیەکی ئیفراتی ناسیۆنالیستی فارەس تەوەر دامەزرا. کۆمەڵیک رووناکبیری ئێرانی لە ژێر کاریگەری ناسیۆنالیزمی رەزگەزپەرستی ئاڵمانی بیرۆکەی “ئاریا”ییان گەڵالەکرد کە خۆی بە مێژوویەکی کەونی چەند هەزار ساڵە گرێ ئەدا و لە بەرانبەر ناسیۆنالیزمی عەرەب و تورکدا پێناسە دەکرد. بۆ ئەم مەبەستەش جۆراوجۆری جوگرافیای ئێرانی کە لە چەندین نەتەوەی جیاوازی پێک دێت، لە بەرچاو نەگرت و حاشایان لە مافی هەموو نەتەوەکانیتریان وەک کورد، عەرەب، تورک، بەلوچ و هتد کرد. دواتر محەممەد ڕەزاشای کوڕی ئەم رێچکەی باوکی بەردەوام کرد و شوناسی فارسی بوو بە تاقە ناسنامەی فەرمی دەوڵەت-نەتەوەی ئێران. بۆ ئەم مەبەستەش هەموو جوڵە و بەرخۆدانەکانی نەتەوەکانی ژێردەستەیان بە تاوانی جوداخوازی سەرکووت کرد.
کاتێ رۆحوڵڵا خومەینی دەستی بەسەر شۆڕشی ١٩٧٩ دژی شای ئێراندا گرت و دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت، سەردەمێکی نوێ لە هاوکێشە سیاسیەکانی ئێران دەستی پێکرد. خومەینی ویستی شوناسی فارسی بگۆرێ و کۆماری ئیسلامی ئێرانی دامەزراند. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە رووی نەدا. بەڵکوو ئەوان ئیسلامی شیعییان بە شۆناسی فارسی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانەوە گرێدا و بەمجۆرە زەبر و زەنگ و حاشاکردن لە مافی غەیرە فارسەکان درێژەی هەبووە و لە پاڵ ئەوانیش خەڵکی غەیرە ئیسلامی یان موسوڵمانی غەیری شیعی بوونەتە ئامانجی هەڵاواردن. بە کورتی سیاسەتی باڵادەستی فارسی درێژەی بووە و لە رواڵەت دا ئایین بە ناوی ئۆمەتی ئیسلام بەڵام لە کردەوەدا لە خزمەت شوناسی نەتەوەیی خۆیاندا بەکار هێناوە. لە تورکیاش هەمان شتە، تورکیا کودەتای سەربازی زۆر بە خۆوە بینیەوە، لەشکریش بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت و ناسنامەی تورکیش تاکە ناسنامەی دەوڵەت-نەتەوەی تورک بوو. نەتەوەکانی تری وەک کورد و ئەرمەنی و ئەوانی تر حاشاین لێکراوە. بۆ وێنە کوردەکان نەبووە بە زمانی خوى قسە بکەن، ئەمەش کاردانەوە و دژوەستانەوەی کوردی لێکەوتەوە.
بۆیە بەردەوام لە لایەن دەوڵەتی تورکیەوە بەوە تۆمەتبار کراون کە جوداخوازن و دەیانەوێت دەوڵەت-نەتەوەی تورک دابەش بکەن. دوای هاتنی ئەردۆغان و پارتە ئیسلامیەکەی هەمان کاریان کرد کە پێشتر لە کەیسی ئێران باسی کرا. شوناسێکی هەمەلایەنەی لە تورکیا دامەزراند، ئەویش ئەو شوناسە ئیسلامیەیە کە لە رواڵەت دا باسی ئۆممە دەکا و جیاوازی لە نێوان هیچ کەسێکی “موسوڵمان”دا ناکات. واتا هەمووان لە ژێر ناوی ئیسلامدا یەکسانن، بەڵام لە تورکیاش هاوشێوەی ئێران ئایین بەکارهێنراوە بۆ خزمەتی پرسی نەتەوەی تورک.
واتە بۆ بەژەوەندییەکانی دەوڵەتی تورکیا و بە دژی فرە رەنگی نەتەوەیی و ئایینی ئەو وڵاتە. کورد لە هەرێمی کوردستانی عێراق دا، وەکوو خوشک و براکانی لە ئێران، تورکیا و سوریا، لەلایەن سەدام حسێن سەرۆک کۆماری عێراقەوە بۆ دەیان ساڵ تووشی کووشت و بڕین، ئاسمیلاسیۆن و دەربەدەری بوون. ئێراقیش وەکوو ئەوانیتر دەوڵەتێکی نەتەوەپەرست و لە سەر ئەساسی نەتەوەی عەرەبی بوو. هاوکات لەو وڵاتەش وەک ئەوانیترئایین رۆڵی گەورەی لە پراکتیزەکردنی ئەو نەتەوە پەرەستیەدا هەبوو و هەردووکیانیان بۆ لێدان و سڕینەوەی کورد هەروەها عەرەبی غەیرە سووننی بەکار هێنا. هەزاران کورد بە چەکی کیمیاوی کوژران یان تووشی ئاوارەبوون هاتن. دوایینیان هەڵمەتی ئەنفال، کە بووە هۆی دیارنەمانی هەزاران ژن و منداڵ خۆی هەڵگری ناوی ئایەتێکی قورعان بەناوی ئەنفال بوو کە وەک پاساوێک بۆ کوشتنی گەلی کورد بە کار هات. ئەمانەش بەو مانایە بوون کە دەوڵەتی سەدام حوسێن ئایینی بۆ کوشتن و سڕینەوەی گەلی کورد و لە خزمەت ناسنامەی عەرەبی عێراقیدا بەکار هێنا.
Öppna
Izat
دواجار کوردی ئەو بەشە توانی بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بە تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەرێمی خۆی لە ساڵی ١٩٩١دابمەزرێنێت. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بینی کە هەرێمی کوردستان خەریکە ئەبێتە ئەزموونێکی دەگمەن کە لە ناوچەکەدا وێنەی زۆر کەم بیراوە. کوردستان ببووە هەرێمێک کە باوڕی بە دیمۆکراسیەت و فرەیی هەیە و ئەتوانێ وڵاتێک بێت بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتیانە هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەکان.
کۆمەڵگەی کوردیش ئەو کراوییەی تێدا بەدی ئەکرا کە هەموو ئایین و نەتەوەکان بتوانن تەیدا بە ئاشتی بژین. بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا پێچەوانەی ئەو روانگەیە سەلمێنراوە. کۆمەڵگای کوردستان کەوتە ژێر کاریگەری خوێندەوەیەکی ئیفراتی و زاڵ لە ئیسلامی سیاسی. دیسکۆرسی ئیسلامی سیاسی کراوەیی کۆمەڵگای کوردی بۆ بیر وباوڕی جیاواز و فرەیی گۆڕی بۆ بەرچاو تەنگیەکی ئیفراتی و بەکردەوە ژیانی لە خەڵکی غەیری موسوڵمان تاڵ کرد. ئیسلامی سیاسی لە کۆمەڵگای کوردستان دا سەرکەوتوو بوون لە فریودانی هاوڵاتیانی کورد و راکێشانیان بەلای خۆیدا. لێرە بەڵام پرسگرییەکی زۆر گرینگ هاتە ئاڕاوە. ئەویش ئیسلامی سیاسی بە پێچەوانی تورکیا، ئێران و وڵاتانی عەرەبی نەچوویە خزمەتی پرسی نەتەوەیی کوردەوە. بەڵکوو بە پێچەوانەوە پرسی نەتەوەی کوردی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکار هێناوە.
واتە بە پێچەوانەی فارس و عەرەب و تورکەوە، کورد خۆی بووە بە کەرەستەی ئایین و بە کردەوە لە خزمەت بیر و ئایۆلۆژیای نەتەوە باڵادەستەکانی دەورووبەری خۆی، کە گشتیان دژە کوردن و لە سەر دژایەتی بوونی کوردستانێکی فرە رەنگ و فرە دەنگ دامەزراون. ئەمەش بە شکستێکی هەرە گەورە بۆ هەرێمی کوردستان دادەنرێت کە نەیتوانی ناسنامەیەکی کوردوستانی لە سەر ئەساسی فرە ئایینی و رەنگاورەنگی دابمەزرێنێ و پارێزگاری لە گۆمەڵگای فرە جیاواز و رەنگین و زەنگینی خۆی بکات